بۆ ناوەڕۆک بازبدە

بیر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

بیر توانایی و لێھاتووییی مێشکە لە بەکۆدکردن و کۆگاکردنی دراوەکان و ئاگادارییەکاندا (پێ ئەوترێ لەبەرکردن، بەر و بیر ھاوڕیشەن) و پاشان دۆزینەوە و ھێنانەوەیان لە کاتی پێویستدا (پێ ئەوترێ وەبیرھێنانەوە). ئەوەی کە مێشک لەگەڵ تێپەڕ بوونی کاتدا لێی ئاگادار ئەبێتەوە لە خۆیدا ھەڵی ئەگرێت بۆ ئەوەی لە داھاتوودا دەریان بخاتەوە و بەکاریان بێنێت.[١] ئەو ڕووداو و بەرسەرھاتەش کە لە ڕابردوودا ڕووی داوە و لە بیردا ماوەتەوە پێ ئەوترێ بیرەوەری.[٢]

ئەگەر تواناییی وەیادھێنانەوەی ڕووداوەکانی ڕابردوو نەدەبوو مەحاڵ بوو شتێ وەکوو زمان بتوانێ پەرە بستێنێ، یا کێیەتی و ناسنامەی مرۆڤەکان و پێوەندیی نێوانیان گەشە بکات.[٣] کاتێ بیر بەڕێکوپێکی کاری خۆی نەکات، لە حاڵەتی ئاساییدا فەرامۆشی یا بیرچوونەوە و، لە حاڵەتی توند و بەتاودا ئەمنێزیا (amnesia) -ی پێ ئەوترێ.

زۆر جار وا دێتە بەر چاو کە بیر سیستمێکە بە شێوەیەکی ئاشکرا یا نھێنی ئاگادارییەکان و زانیارییەکان ڕێک ئەخات، یا بە زمانێکی تر، پیانەوە دەئاژوێت (پرۆسیسیان دەکات) و، لە سێ بەش پێک دێ:

  1. ھەست ڕێکخەر: ئەم بەشە ڕێگە خۆش ئەکا بۆ ئاگادارییەکان و زانیارییەکانی دنیای دەرەوە کە بە شێوەی بزوێنەر و وریاکەرەوەی فیزیکی و کیمیایی بێنە ناوەوە و ھەستیان پێ بکرێت.
  2. بیری کورت-ماوە (یا خەریکی کار): ئەرکی ئەم بەشە بەکۆدکردنە و دۆزینەوە. ئاگاداری بە شێوەی بزوێنەر ئەکرێ بە کۆد و دواتر لە کاتی خۆیدا لە شوێنی کۆگاکراودا ئەدۆزرێتەوە و ئەخرێتەوە بەر دەست.
  3. بیری درێژ-ماوە: لە ئاکامدا، ئەوە ئەرکی ئەم بەشەیە کە بە بەکارھێنانی شێواز و نموونە جۆراوجۆرەکانی پۆلاندن داتاکە کۆگا بکات.[٤]

بیر پێواژۆیەکی بێنوقسان و بێکەمایەسی نییە و زۆر فاکتۆر ھەیە کە ئەتوانێ شوێنەواری خراپی لەسەر دابنێ و بە چەشنێ کارکردی تێک بدات. ئەو ڕێگایانەی بە ھۆیانەوە ئاگادارییەکان ئەکرێن بە کۆد و کۆگا ئەکرێن و ئەھێنرێنەوە ھەموو لەوانەیە کەندوکۆسپ یا بەربەستیان تێ کەوێت. ئەو ڕادە سەرنجەی بە بزوێنەرەکان و وریاکەرەوەکانی دەرەوەی مێشک ئەدرێ ئەتوانێ ڕادەی ئەو ئاگادارییەی کە وەرئەگیرێت و پاشان کۆگا ئەبێت دابەزێنێ. ھەروەھا، پرۆسەی کۆگاکردن بۆ خۆی ئەتوانێ بە ھۆی گەیشتنی ئاسیو و گەزەنی فیزیکی بە بەشە پێوەندیدارەکانی مێشک بەڕێکوپێکی نەچێتە پێشەوە. لەوانەشە لەبەر لەناوچوون و فەوتانی بیری درێژماوە ھێنانەوەی ئاگادارییەکان بکەوێتە کێشەوە.

وشەڕەتناسی

[دەستکاری]

وشەکانی «بیر» و «بیرەوەری» هاوڕیشەن لەگەڵ وشەی «بەر»دا:

بەر لە وشەگەلێکدا وەک لەبەرخوێندنەوە و لەبەروتن و لەبەربوون و لەبەرکردندا مانای شتێک ئەدا کە لە مێشکدا پاشەکەوت کراوە. ئەم «بەر»ە لە ئەوێستاییدا var و لە پاڵەویدا varom بووە و لەگەڵ بەر بە مانای سینگ ھەر یەکن و بەگشتی یانی ئەوەی لە سینگدا پارێزراوە و ڕاگیراوە.[٥]

بیر لە ئەوێستاییدا vira و لە پاڵەویدا vir بووە. لە فارسیی کلاسیکیشدا بە شێوەی vir و bir ئەبینرێ.[٥] بۆ نموونە فیردەوسی لە شانامەدا ئەڵێ: ایا مرد فرزانه و تیز ویر / ز شاهوی پیر این سخن یادگیر.[٦]

وشەی بیرەوەریش ھەمان «بیرئاوەری»یە. ئاوەر لە لە چاوگی آوردن -ی فارسییەوە ھاتووە کە بە مانای ھێنان و هاوردنە.[٥]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ Lauralee Sherwood (١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥). Human Physiology: From Cells to Systems. Cengage Learning. لاپەڕە ١٥٧–١٦٢. ژپنک ٩٧٨-١-٣٠٥-٤٤٥٥١-٢.
  2. ^ مەردۆخ ڕۆحانی، ماجد (۱۳۹۷). فەرھەنگی زانستگای کوردستان. سنە: پەخشانگای زانستگای کوردستان. لاپەڕە ۳۵۷. ژپنک ٩٧٨٩٦٤٢٧٩٧٩١٢.{{cite book}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)
  3. ^ Eysenck، Michael (٢٠١٢). Attention and Arousal: Cognition and Performance. Berlin, Heidelberg: Springer Berlin Heidelberg. ژپنک ٩٧٨-٣-٦٤٢-٦٨٣٩٠-٩.
  4. ^ Baddeley، Alan (١٥ی ئازاری ٢٠٠٧). Working Memory, Thought, and Action. Oxford University Press. doi:١٠.١٠٩٣/acprof:oso/٩٧٨٠١٩٨٥٢٨٠١٢.٠٠١.٠٠٠١. ژپنک ٩٧٨-٠-١٩-٨٥٢٨٠١-٢.
  5. ^ ئ ا ب نانەوازادە، عەلی (۲۰۱۷). فەرھەنگی ڕیشەی وشەی کوردی. تاران: پەخشانگای ھەمسەدا. لاپەڕە ۵۳۳، ۶۳۶، ۶۴۰. ژپنک ٩٧٨٦٠٠٩٦٠٩٥٧٤.{{cite book}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)
  6. ^ شانامەی فیردەوسی لەسەر وێبگەی گنجور ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
pFad - Phonifier reborn

Pfad - The Proxy pFad of © 2024 Garber Painting. All rights reserved.

Note: This service is not intended for secure transactions such as banking, social media, email, or purchasing. Use at your own risk. We assume no liability whatsoever for broken pages.


Alternative Proxies:

Alternative Proxy

pFad Proxy

pFad v3 Proxy

pFad v4 Proxy